ئه‌مڕۆ 7ی ئابی 2012، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو؛ ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌و تانانه‌ی‌ كه‌خوێندكاران له‌ ئه‌نجامی‌ تاقیكردنه‌وه‌كانیان گرتبو ڕاگه‌یه‌نراوه‌ و خوێندكاران ده‌توانن وه‌ریبگرنه‌وه‌.

جه‌بار حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ، دووشه‌مه‌، ئه‌نجامی‌ ئه‌و تانانه‌ی‌ كه‌ خوێندكاران له‌ نمره‌كانی‌ خۆیان گرتبویان و بۆ په‌روه‌رده‌یان ره‌وانه‌ كردبوو به‌شێوه‌ی‌ ره‌سمی‌ پاش پێداچونه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ تایبه‌تی‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ئه‌مڕۆ ڕاگه‌یه‌نرا.

وتیشی‌: راگه‌یاندنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ خوێندكاران ده‌توانن ته‌نها له‌رێگه‌ی‌ قوتابخانه‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ سایت و ماڵپه‌ره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان بڵاوناكرێنه‌وه‌.

پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاندبوو ته‌نها له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ نزیكه‌ی‌ 2500 تانه‌ی‌ خوێنكاریان بۆ هاتووه‌، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ مامۆستا جه‌بار حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌و تانانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو كه‌ خوێندكاران گومانیان له‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ خۆیان هه‌بووه‌، به‌ڵكوو ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م گۆڕانكاری‌ له‌نمره‌كاندا هه‌بووه‌.