به وێنه... ئاماده‌كارییه‌كان بۆ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌له‌مسواری له هه‌رێمی كوردستان
خه‌ندان ـ كامه‌ران عه‌بده ساڵح
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌له‌مسواری له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه، كه بڕیاره له مانگی ئایاری داهاتوودا، به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له رێكخراوه جیهانییه‌كانی بواری ژینگه و گه‌شتوگوزار، له ئاوه‌كانی چۆمان و ره‌واندوز ڕێكبخرێت.
به‌ختیار قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی پرۆژه‌ی ناشناڵپاركی هه‌ڵگورد – سه‌كران، به خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌له‌مسواری له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه و، له‌ئێستادا تیمه به‌شداربووه‌كان، ڕۆژانه سه‌رقاڵی مه‌شق و ڕاهێنانن.
وتیشی: "ئه‌م فێستیڤاڵه، به هاوكاری رێكخراوی سروشتی عیراق و رێكخراوی مهجهستیكی ئه‌مریكی، به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تیایدا گه‌شتی به‌له‌مه‌وانی سه‌رنجڕاكێش له‌نێو ئاوی ڕوبارهكاندا ئه‌نجامده‌درێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بڕیاره ژماره‌یه‌كی زۆر له رێكخراوه جیهانییه‌كانی بواری ژینگه ئاماده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه ببن و، ئامانج لێی، ناساندنی زیاتری سروشتی كوردستانه به گه‌شتیاران و نیشاندانی سوده‌كانی ئاوی روباره بۆ وه‌گه‌رخستنیان بۆ كه‌رتی گه‌شتوگوزار.
وه‌ك به‌ختیار قادر باسیكرد، فێستیڤاڵه‌كه ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، چه‌ندین یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی به لێخورینی به‌له‌م به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.