حكومه‌تی هه‌رێم 100 ملیۆن دینار بۆ یادی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ته‌رخان ده‌كات
خه‌ندان ـ هه‌ستیار
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی 100 ملیۆن دینار بۆ یادی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) ته‌رخانده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زیاتر له دوو هه‌زار مزگه‌وت له هه‌رێمی كوردستان مه‌راسیمی ئه‌و یاده‌ی تیادا ده‌كرێته‌وه.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، راوێژكاری پێشكه‌وتوو له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به (خه‌ندان)ی راگه‌یاند: بۆ ئاهه‌نگه‌كانی یادی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام محه‌مه‌د (د.خ) حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری خه‌رجكردنی 100 ملیۆن دیناری داوه‌و ئه‌مڕۆش له دوو هه‌زار مزگه‌وتی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌و یاده ده‌كرێته‌وه.
راشیگه‌یاند: له بۆنه‌ی ساڵی نوێ‌دا وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ته‌نها پێنج ملیۆن دیناری ته‌رخانكردبوو، به‌ڵام بۆ ئه‌م یاده 100 ملیۆن ته‌رخانكراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ئێستا بودجه‌كه‌ی په‌سه‌ند نه‌كراوه.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی وتیشی: "ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ یاده‌كه‌ی جوانتر كرد‌ووه ئه‌وه‌یه ئێزیدی‌و مه‌سیحییه‌كانیش به‌شداریی ده‌كه‌ن له یاده‌كه‌و پیرۆزبایی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش باشترین وه‌ڵامه بۆ ئه‌وانه‌ی له هه‌وڵی تێكدانی ئه‌و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی ئاینه‌كان بده‌ن له هه‌رێم".