پارێزگاری سلێمانی گوندەكانی بناری كۆسرەتی بەسەركردەوە
THU, 3 JAN 2013 18:49 | KRG.org
ئەمرۆ3ی كانوونی دووەم بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بە یاوەری قائیمقامی قەزای دووكان و بەرێوەبەری ناحیەی خدران و بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتییەكانی كشوكاڵ و شارەوانییەكان و كارەبا و ئاوی دەوروبەر و ئاوی ژێرزەوی و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی هەردوو ناحیەی خدران و خەلەكان لە قەزای دوكان و ژمارەیەك لە گوندەكانی بناری كۆسرەتی بەسەركردەوە.
پارێزگاری سلێمانی لەو بەسەركردنەوەیەدا لەنزیكەوە لەكێشەو گرفت و داواكاری گوندنشینان و هاووڵاتیانی سنورەكەی پرسیەوەو دڵنیای كردنەوە حكومەتی هەرێم هەوڵی تەواو دەدات بۆ خزمەتكردن بە گوندنشینان و بەپێی پلان كێشەكانیان چارەسەر دەكات و داواكارییەكانیان جێ بەجێ دەكات.
لەو رووەوە پارێزگار لاەیەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بەزووی رێگەی گوندەكانی گردەسوران و توربە چاك بكرێت و لەهەفتەی داهاتووەوە دەست بكرێت بە جێ بەجێ كردنی پرۆژەی دامەزراندنی تۆڕی ئاو بۆ چەند گوندێكی ناحیەی خدران.
پارێزگاری سلێمانی لەسەردانەكەیدا خوێندنگەی چەند گوندێكی بەسەركردەوە و سەبارەت كێشەی خوێندن لە سنورەكەدا رایگەیاند: وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی ئایندە بەنیازە لەناوەندی هەر ناوچەیەكدا خوێندنگەیەك بكاتەوەو كرێی هاتووچۆی خوێندكاران دابین بكات و لەورێگەوە كێشەی كەمی بیناو كەمی مامۆستا و نەبوونی پۆلە كۆتاییەكان چارەسەر دەبێت
لەبارەی كێشەی زەوی و زاریش لە سنورەكەدا پارێزگار دووپاتی كردەوە دەبێت ئەو كێشانە لەرێگەی یاساوە چارەسەر بكرێن و یاسا چۆن چارەسەرەی بۆ داناوە ئاوا چاسەر بكرێت و هیچ كەس دەستدرێژی نەكاتە سەر مافی كەس.
پارێزگار بەرێوەبەری ناحیەی خدران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد پێداچوونەوە بە سنوری گوندەكاندا بكەن و بەپێی رێنمایەكان چارەسەری كێشەكانی ئەو بوارە بۆ گوندنشینان بكەن.
هەروەك پارێزگاری سلێمانی سوپاسی بەرێوەبەری ناحیەی خدران كرد كە بەدڵسۆزییەوە ئەركەكانی راپەراندووەو و رەزامەندی دانیشتوانی سنورەكەی بەدەست هێناوەو و هەموو پشتیوانیەكی خۆی بۆ دووپات كردەوە.
پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە كێشەی ئاوی ناحیەی خەلەكانیش روونی كردەوە كە بەرێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی دیزانی پرۆژەكەی تەواو كردووەو بەزووترین كات دەخرێتە بواری جێ بەجێ كردنەوە.